بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، کاروان سەباح هەورامی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان زانیاری وورد دەخاتە روو سەبارەت بە زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای هەولێر و بەرپرسانی سلێمانی و دهۆکیش هەواڵی دڵخۆشکەر دەدەنە هاوڵاتیان لەو بارەیەوە.
دوو شەممە، ١ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند "لە پارێزگای هەولێر بەهۆی هەبوونی ئەو حەوزە گەورەی باکوور، باشوور و ناوەڕاست، ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها سود لە سیستمی پاراوکردن وەرگیراوە کە تێیدا ئاوی سەر زەوی بە شێوەیەکی دەستکرد دەگوازرێتەوە بۆ ژێر زەوی، ئەو سیستمەمان لە هەموو کوردستان جێبەجێ کردووە، بۆ نموونە لە تارین لای مەلائۆمەر، ئاستی ئاوی ژێر زەوی ٩٠ مەتر زیادی کردووە، لە ئاکرێ ٢٣ مەتر و لە چیای شەکرۆک لە هەریر ١٢ بۆ ١٣ مەتر بەراورد بە پار زیادی کردووە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری دەدات لەبارەی لێدانی بیر لە ژێر زەوی و دەڵێت "گوشارێکی زۆر لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەیە، دەبێت لێدانی بیری نایاسایی قەدەغە بکرێت یان زۆر کەمبکرێتەوە، بەهۆی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر و قوشتەپە، هەزار و ٥٠٠ بیر راگیراون. هەر کەسێک بیری نایاسایی لێبدات و هەر کەسێکیش خاوەنی زەوییەکە بێت، هەر یەکەیان بە ٧ ملیۆن دینار سزا دەدرێت و دەست بەسەر ئامێرەکەیدا دەگیرێت؛ پار ٥٠٠ ئامێر و ئەم ساڵ ٣٠٠ ئامێر دەستیان بەسەردا گیراوە".
هەر سەبارەت بە زیادبوونی ئاو لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی، خومار حەمە نەجم رایگەیاندوە " رێژەی بارانبارین لە سەنتەری سلێمانی گەیشتووەتە ١٠٥١ ملیمەتر، لە کاتێکدا پار تەنیا ٣٣٥ ملیمەتر بووە، بارانبارین سەرچاوەی سەرەکیی پاراوبوونەوەی کۆگاکانی ئاوی ژێرزەویە و بەپێی پێوانەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان، ساڵانە لە نێوان ٪١٥ بۆ ٪٢٠ ی ئەو بارانەی دەبارێت دەچێتە کۆگاکانی ئاوی ژێرزەویەوە کۆگاکان پاراو دەکاتەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە بەردەوامی و لە رێگەی بیرەکانی چاودێرییەوە ئاستی ئاو لە سەرجەم کۆگاکاندا دەپێون".
لە پارێزگای هەڵەبجە، رێژەی بارانبارین گەیشتووەتە ١٠٩٩ ملم، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە تێکڕای ٨ مەتر بەرزببێتەوە، لە کاتێکدا پار تەنیا ١.٣ مەتر بەرزببووەوە"، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی وادەڵێت.
سەرۆکی بەشی جیۆلۆجیی پێشکەوتووی دهۆک، ئەلفرێد ئەبلحەد، هەواڵی زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای دهۆک خستۆتە روو و رایگەیاندوە کە "ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەراورد بە پار بە کۆی گشتی لە پارێزگاکەدا ٧ مەتر زیادی کردووە، هەندێک شوێن بەرزترینی گەیشتووەتە ١٥ مەتر."
زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆکاری دڵخۆشی بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، چونکە لە ساڵانی رابردوو بە هۆی ڕێژەی کەمتری بارانبارینەوە بەردەوام هۆشداری لە مەترسی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دراوە.