رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راپۆرتێکی سەبارەت بە لە سێدارەدانی سێ هاوڵاتی کورد بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت ئەو سێ هاوڵاتیە "لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە تاران بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا کە خەڵکی قوروە (لە پارێزگای سنە)، ئارمان مەعریفەتی خەڵکی سەقز".
دوو شەممە، ١ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاوڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە تاران بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی، مێهرداد محەممەدینیا و ئارمان مەعریفەتی تەمەن ٣٨ ساڵ لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی 'موحارەبە' لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبوولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە".
"ئارمان مەعریفەتی لە بەندیخانەی فەشافوویە (تارانی گەورە) و ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگیراون و سزاکانیان لەم دوایییە لە بەندیخانەدا بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە"، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وا دەڵێت.
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردوە کە "ئەم سێ هاوڵاتییە ناڕازییە لە کاتی دادگاییکردندا لە مافی بوونی پارێزەری هەڵبژێردراو و ستانداردەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە بێبەش کراون و سزای سێدارە بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بەسەریاندا سەپاوە".
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە نزیکەی ٣٠ کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا'' لەسێدارە دراون.