وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ١٣٨٥ ئەفسەری هێزەکانی ٧٠ کرد

 وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی هێزە جیاوازەکانی سەر بە وەزارەتی واژۆ کرد و پەیامێکی پیرۆزباییشی ئاراستە کردن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دووشەممە (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، شۆڕش ئیسماعیل، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن کردووە. بەپێی ئەو خشتانەش، پلەی سەربازیی (١٣٨٥) ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانەدا بەرزکراوەتەوە، کە وەک شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی ماندووبوونیان لە پاراستنی خاکی کوردستاندا ئەژمار کراوە.

وەزیری پێشمەرگە لە پەیامێکی پیرۆزباییدا ئاماژەی بەوە کرد کە خۆشحاڵە بە سەرکەوتنی هەوڵەکانیان لە ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە، بە جۆرێک کە ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.

هاوكات شۆڕش ئیسماعیل دڵنیایی خۆی دەربڕی کە ئەم قۆناغە نوێیە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، و سەرخستنی زیاتری پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.



PM:03:51:01/06/2026