ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای حەسەکە لیستی ناوی ئەو ٢٨ شەڕڤانەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ی بڵاوکردەوە، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکاندا لە زیندانەکانی حکومەتی کاتیی سووریادا بوون و ئازاد کران.
ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە مرۆییەدا دێت کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریادا واژۆ کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکەش تا ئێستا چەند گرووپێکی دیکەی دیلەکان لە هەردوولا ئازاد کراون، کە قۆناغەکانی پێشوو بەمشێوەیە بەڕێوەچوون: گرووپی یەکەم لە ١٠ی ئادار، گرووپی دووەم لە ١٩ی ئادار، گرووپی سێیەم لە ١١ی نیسان، و گرووپی چوارەمیش لە ٨ی ئایاری ڕابردوودا ئازاد کران.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە بە چاودێریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە و ئامادەکارییەکانیش بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە بەمەبەستی ئازادکردنی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی لایەنە ناکۆکەکان لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.