سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، پەیامێکی فەرمی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە سەربازییە نوێیانەی کرد کە کراونەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم دۆخە سەختە ئابووری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، حیزبەکەی وەک هاوپشت و هاوسەنگەری کۆمەڵانی خەڵک دەمێنێتەوە. بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە هەنگاوەکانی داهاتوویاندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵات دەمێننەوە، و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانیان لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانیان لە عێراق و جیهان چڕتر دەکەنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکانیش، لە پەیامەکەدا هاتووە کە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، پێویستە کار بۆ بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکرێت، بە مەرجێک کە سەربەخۆیی و سەروەریی خاکی عێراق بە تەواوی پارێزراو بێت.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لەم دۆخە سەختە ئابوری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دوپات دەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.
دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەکانی داهاتوماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عێراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە.
هەروەها بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەمو عێراقییەکان تێکدەدەن.
لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگرین، کە دیدگای بۆ پێکەوەژیان, دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام رێنیشاندەری رێگەکەمانە.
بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جددی کار بکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عێراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دوپات دەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەمو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عیراق.
هەر شاد و سەرکەتوبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان