وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین هەڵوێستی فەرمیی پارتەکەی لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێم، پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا خستەڕوو.
مەحموود محەمەد، ڕایگەیاند'' سەرجەم کێشەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ جێهێڵدراون بۆ گفتوگۆ و قسە لەسەرکردن.''
سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمیش ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەیەکی کرداری بۆ سەردانیکردنی لایەنەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەیە، بەڵام تا ئێستا چەند وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیاری نەکراوە.
لایەکی دیکەوە، باسی لە پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کرد بەمەبەستی کۆکردنەوەی لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم.
مەحموود محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان ماندووە و دەنگی بە لایەنەکان داوە بۆ پێکهێنانی دامەزراوە شەرعییەکان، و هۆشداریی دا کە ئەگەر لایەنەکان لەسەر داواکارییەکانیان پێداگربن و نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا تاکە بژاردەی بەردەم کێشەکان ئەوەیە کە بچنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.