چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆک وەزیران بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە سەرپشک دەکات

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا کە لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراقی تاوتوێ کرد و چەند بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دەرکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە و بە فەرمی سەرپشکی کرد بۆ گرتنەبەری تەواوی ڕێکارەکان بەمەبەستی سنووردارکردن و هێشتنەوەی چەک تەنیا بەدەست دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی کە خاوەنی زیاتر لە ١٦٤ کورسیی پەرلەمانە، جەختی لەوە کردەوە کە دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمییە و پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام پێویستە بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی سەرجەم هێزە سیاسی، حیزبی و کۆمەڵایەتییەکان داببڕێت و جیا بکرێتەوە.

هاوكات هاوپەیمانییەکە هۆشداریی دا کە بڕیاردان لەسەر هەڵگیرسانی جەنگ یان چەسپاندنی ئاشتی، پرسێکی سەروەریی نیشتمانییە و تەنیا لە دەسەڵاتی گەلی عێراقدایە لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت، و هەر جووڵەیەک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بە دەرچوون لە یاسا دادەنرێت.

لە کۆتاییشدا، سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کرد بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە خاکی عێراقدا.



PM:12:40:02/06/2026