بەڕێوەبەری پاراستنی دارستان و پاوانی سلێمانی، ئاوارە ئەحمەد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باس لە گرتنەبەری چەند رێکارێک دەکات لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەیانەوە بۆ پاراستنی چیای گۆیژە لە سووتاندن.
سێ شەممە، ٢ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری پاراستنی دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند "لەپێناو پاراستنی چیای گۆیژە لە سووتان و شێواندنی دارستانە سروشتییەکان، بڕیاردراوە بە کاراکردنەوەی لیژنەی فریاگوزاری. ئەم لیژنەیە ئەرکی ئەوەیە شەوانە لەسەر چیاکە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر ئاگرکەوتنەوەیەکی لەناکاو، بە خێرایی لە ئامادەباشیدا بن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی".
"تەواوی خاوەن شوێنکارەکانی سەر چیاکە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت سنووری شوێنەکانیان لە پوش و پاوان پاکبکەنەوە. هەروەها بەرپرسیارییەتی دەوروبەری شوێنەکانیان لە ئەگەری کردنەوەی ئاگر دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن شوێنکارەکان، ئەمەش وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی گەرمادا"، ئاوارە ئەحمەد وا دەڵێت.
بەڕێوەبەری پاراستنی دارستان و پاوانی سلێمانی ئەوەشی ئاشکراکرد کە وەک بەشێک لە ڕێکارە نوێیەکان "کاتی مانەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لەسەر چیای گۆیژە و ئەزمەڕ سنووردار دەکرێت¸لەمەودوا ڕێگە نادرێت دوای کاتژمێر ١١:٠٠ شەو گەشتیاران لەسەر چیاکە بمێننەوە، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ژینگەیی و ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو نراوە کە زیان بە سروشتی ناوچەکە بگەیەنێت".