وێنەی گولە تۆپە دۆزراوەکان، لەلایەن بەڕیوبەرایەتی کاروباری مین لە دهۆک بڵاوکراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک لە راگەیاندراوێکدا باس لەوە دەکات لە ناوچەی ئالۆکا، ٤٩ گولە تۆپی سەردەمی رژێمی بەعس دۆزراونەتەوە.
سێ شەممە، ٢ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەی پارکی گەورەی دهۆک، ٤٩ گولە تۆپی ١٢٠ ملیم و پێنج فیوزی تەقەمەنی نەتەقیو، کە هی سەردەمی ڕژێمی بەعسە دۆزراونەتەوە و تیمەکانمان توانییان بەشێوەیەکی زانستی بیاگوێزنەوە بە مەبەستی لەناوبردنیان".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای ئاگادرکردنەوەمان، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بە حەفارەی تایبەت تەقەمەنییەکانیان هەڵگرتەوە و بە شێوازێکی ئارام و زانستی گواستیانەوە بۆ شوێنی تایبەت بە مەبەستی لەناوبردنیان".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا بەڕیوبەرایەتیەکەی دهۆک وتویەتی "مێژووی ئەم پاشماوانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی عێراقی، هاوڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە لەکاتی بینینی هەر شتێکی گوماناوی، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١٨٢ بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە.