یەکەم تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای
دهۆک تۆمار دەکرێت و تەندروستی ناوچەکەش ڕێکاری پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتەکە دەگرێتەبەر.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند،
تووشبووەکە پیاوێکی دانیشتووی شارەدێی سنوونێیە لە قەزای شنگال. ناوبراو ئاماژەی بەوە
کرد کە حاڵەتەکە سەرەتا لە سنوونێ دەستنیشانکراوە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی
ئازادی لە دهۆک کراوە. لە ئێستادا تووشبووەکە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی
جێگیرە و چاوەڕوان دەکرێت چارەسەری تەواو وەربگرێت.
د. فەرەیدون حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی
کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە
لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە ساڵی 2023ـەوە پلانێکی تۆکمەیان بۆ بەرەنگاربوونەوە
دەستپێکردووە. ئەم پلانە شۆردنەوەی ئاژەڵان بە دەرمانی تایبەت لە وەرزەکانی هاوین
و پایزدا لەخۆدەگرێت بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.