لێدوانی مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی موچە و پێکهێنانی حکومەت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ بەغدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن بووە لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا لەسەر بنەمای دەستوور.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردوە و گفتوگۆی رژدیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی موچە و هەناردەی نەوت کردوە.

روونیشی کردەوە، "ئامادەین یارمەتیی عێراق بدەین بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان داوای گەرەنتی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان".

لەبارەی کەرتی کارەباوە مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەروو، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە و تاوەکوو ٢ هەزار مێگاوات کارەبا بە حکوومەتی فیدراڵی دەدەن.

سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆک وەزیران پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکە دووپات کردەوە و داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە عەقڵانییەتەوە بیر بکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک و ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە.

لە کۆتاییدا لەبارەی پرسی موچە و دەروازە سنوورییەکان، سەرۆک وەزیران رایگەیاند، بەڕێوەبردنی دەروازەکان بەپێی دەستوور کاری هاوبەشە و هەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستوورەوە. هەروەها هیوای خواست پرسی موچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێت.




PM:01:36:04/06/2026