بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی ناوی "کەسایەتییە نیشتمانییەکان و پێشناوە ئاینیەکان" بۆ تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکان قەدەغە دەکات.
پێنج شەممە، ٤ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، بڵند مەم لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند "بەپێی پەیڕەوی ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٢٢، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی و سیمبوولێکی نیشتمانی بۆ شوێن، کۆمپانیا و تابلۆ بازرگانییەکان قەدەغەیە، بڕیارەکە سەرجەم شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە".
"هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت و تۆمارکردنی فەرمی ئەو ناوانە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت کە بڕەکەی لە ١٠٠ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار و دەبێت ناوەکە بە تەواوی لەگەڵ جۆری کار و شوێنە بازرگانییەکەدا بگونجێت"، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان وا دەڵێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا بڵند مەم وتیش "چیدیکە بوار نادرێت ناوە ئایینییەکان و ناوی سیمبوولە نیشتمانییەکان بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاربهێندرێن تاوەکو شکۆی ئەو ناوانە پارێزراو بێت".
پێشناوە ئاینیەکان شێخ و مەلا و سەید دەگرێتەوە.