تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی راگەیاندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە

‌ئەرشیف، لاهور شێخ جەنگی

تیمی پارێزەرانی دۆسییەی لاهور شێخ جەنگی راگەیاندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و ئاراستەی چەند لایەنێکی بەرپرسی هەرێمی کوردستان کراوە و دەڵێت "سلێمانی دادگای نامێن بۆ بونیاتنانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکرات کە مافەکانی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت".

پێنج شەممە، ٤ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دوو کۆڵەکەی سەرەکی هەن، ئەوانیش سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ئێستادا لە دادگاکانی سلێمانی دەگوزەرێت، زەنگێکی مەترسیدارە کە ئاماژە بە داڕمانی تەواوەتی ئەم سیستەمە دەکات لەژێر فشاری هێزە چەکدارەکان و هەژموونی حزبیدا".

"دۆسییەی 'لالەزار' تەنها کێشەیەکی یاسایی و ئاسایی نییە، بەڵکو پەردە لەسەر شێوازێکی مەترسیدار لادەبات کە ئەویش بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و سەربازییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە حزبییەکان. لە دۆسییەکەدا سکاڵاکار خۆی بەشێکە لەکێشەکە و هەر خۆیشی خاوەن گەورەترین هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و سەربازییە"، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی وا دەڵێت.

تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جەختیش دەکەنەوە "بنەماکانی مافی مرۆڤ لەم دۆسییەدا لە لێواری کارەساتدایە. شایەتحاڵەکان لەبەردەم دادوەردا دانیان بەوەداناوە کە لەژێر کاریگەری 'ئەشکەنجەی دڕندانە'ی وەک شکاندنی جەستە 'لەپیاوەتی خستن'، سەر و ددان، چەقۆلێدان و شێواندندا، وتەکانیان لێ وەرگیراوە و واژۆکراوە. ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستووری عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە".


دەقی راگەیەندراوەکەی تیمی پارێزەرانی دۆسییەی لاهور شێخ جەنگی:

"هاوەڵانی بەڕێز / سەرۆکی هەرێمی کوردستان _ پارێزەری یاسا بەڕێز / سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان _ جێبەجێکاری یاسا بەڕێزان / نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێزان / سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری بەڕێزان / سەرۆک و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بەڕێزان / سەرۆک و ئەندامانی داواکارانی گشتی هەرێم بەڕێزان / لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان "سلێمانی دادگای نامێنێ" بۆ بونیاتنانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکرات کە مافەکانی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت، دوو کۆڵەکەی سەرەکی هەن. ئەوانیش سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ئێستادا لە دادگاکانی سلێمانی دەگوزەرێت، زەنگێکی مەترسیدارە کە ئاماژە بە داڕمانی تەواوەتی ئەم سیستەمە دەکات لەژێر فشاری هێزە چەکدارەکان و هەژموونی حزبیدا. دۆسییەی "لالەزار" تەنها کێشەیەکی یاسایی و ئاسایی نییە، بەڵکو پەردە لەسەر شێوازێکی مەترسیدار لادەبات کە ئەویش بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و سەربازییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە حزبییەکان.

لە دۆسییەکەدا سکاڵاکار خۆی بەشێکە لەکێشەکە و هەر خۆیشی خاوەن گەورەترین هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و سەربازییە، واتە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کەلێرەدا هێزەکانی سەر بە 70ی یەکێتی و دەزگای ئاسایش بوون فەرمان لە سەرۆکی حزب بافڵ تاڵەبانی وەردەگرن، چۆن دەکرێت چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە بین کە ئەو دەزگا ئەمنیانە لەگەڵ دەستگیرکراواندا بیکەن. سەرجەم دەستگیرکراوان لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا وتەیان لێوەرگیراوە" دۆسییەکانی حەمەڕەش، هێمن هادییە سور دوو نمونەی زیندووی ئەشکەنجەدانی قورسن کە هەریەکەیان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە، دۆسییەکەیان لای مافی مرۆڤە و لە پەڕاوەکانی دادگا هەندێکیان تۆمارکراون. هەژموونە مەترسیدارەکەی حزب لە دامودەزگای ئەمنی و سەربازی نەوەستاوە و گەیشتووەتە ناو هۆڵەکانی دادگا.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێم چەندین جار داوای ناردنی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دەستوەردانی حزب و "دادگای سلێمانی" ڕێگر بووە. تەنانەت کاتێک دادوەرانی "دادگای تاوانەکانی ٣" ئامادە نەبوون ببنە پاشکۆی فەرمانی حزبی و سووربوون لەسەر ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای باڵا، بە بڕیارێکی کارگێڕی و سیاسی لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٤/٢١، دۆسیەکەیان لێ سەندرایەوە و گوازرایەوە بۆ "دادگای تاوانەکانی ٢" کە مەیلی جێبەجێکردنی خواستە سیاسییەکانی حزبی هەیە. ئەمە گەورەترین بەڵگەی نادادی و دەستوەردانە کە لەرێگەی دادگای سلێمانییەوە کراوە. مانای وایە ئەگەر دادوەرێک فەرمانی سیاسی جێبەجێ نەکات، سزا دەدرێت و دۆسیەکەی لەدەست دەردەهێنرێت! لە لایەکی ترەوە، بنەماکانی مافی مرۆڤ لەم دۆسییەدا لە لێواری کارەساتدایە.

شایەتحاڵەکان لەبەردەم دادوەردا دانیان بەوەداناوە کە لەژێر کاریگەری "ئەشکەنجەی دڕندانە"ی وەک شکاندنی جەستە"لەپیاوەتی خستن"، سەر و ددان، چەقۆلێدان و شێواندندا، وتەکانیان لێ وەرگیراوە و واژۆکراوە. ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستووری عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. ئەمڕۆ، تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دەستبەسەرکراوان، لە ڕێگەی سکاڵایەکی فەرمییەوە (کە کۆپییەکی لەبەردەستدایە) ڕووبەڕووی ئەم نادادپەروەرییە بوونەتەوە. جێگەی سەرنجە کە لەناو ڕاگیراوەکاندا، کەسایەتی خاوەن ڕەگەزنامەی بەریتانی هەن، کە ئەمەش ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی دەدات بە کەیسەکە. باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی بەریتانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن لە ئاست ئەم بێدەنگییەدا بەردەوام بن. دادگاییکردنی داهاتوو، تاقیکردنەوەیەکی کۆتایی دەبێت: ئایا یاسا سەردەکەوێت، یان چەک و دەسەڵاتی حزبی، دادگا بەتەواوی پەکدەخات؟"




PM:10:23:04/06/2026