یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی گەیشتنەوە و پڕۆسەی گەڕانەوەی وشکانیش دەستیپێکرد

پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعوودیەوە بەردەوامیی هەیە، و لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتنەوە خاکی نیشتمان.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی کە لە ٢٩٤ حاجی پێکهاتوون، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتوونەتەوە.''

ئاشکراشی کرد کە هەر ئەمڕۆ، هەزار و ٢٩ حاجی دیکەی هەرێم لە ڕێگەی وشکانییەوە لە سعوودیەوە دەگەنەوە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە ئامادەکراوە، بڕیارە لە ماوەی شەش ڕۆژدا سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنرێنەوە.

 پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان دوێنێ پێنجشەممە بە فەرمی دەستیپێکرد، کە تێیدا هەزار و ٢٧ حاجی لە ڕێگەی حەوت گەشتی ئاسمانییەوە گەڕانەوە و لە کاتی گەیشتنەوەشیاندا لەلایەن وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا. 



AM:09:29:05/06/2026