شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە هەرێم دەگرێتەوە

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات سبەینێ یەکشەممە بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی ساردی لاواز لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادا، شەپۆلێکی ناجێگیریی کەشوهەوا بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی، لە کاتەکانی دوانیوەڕۆی یەکشەممە ٧ی حوزەیران تاوەکو شەو، کەڵەکەهەوری بنکەبەرز پەیدا دەبن و هەورەبروسکە چالاک دەبێت. سەرەتا گۆڕانکارییەکان لە سەنتەری پارێزگای هەولێر دەردەکەون و دواتر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەگرێتەوە.

لەبارەی ڕێژەی دابارینەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕی بارانەکە کەم دەبێت و لە نێوان ٠.١ تا ٠.٥ ملیمەتر دەبێت و سەرجەم ناوچەکان ناگرێتەوە. هاوکات، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (١٠ بۆ ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) و ئاراستەکەشی بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هۆشداری دراوە لە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکەی وشک، کە بەهۆیەوە مەترسیی کەوتنەوەی ئاگر لە هەندێک شوێندا، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان دروست دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی دوو پلەی سیلیزی نزم ببنەوە.

لە لایەکی ترەوە بەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی کوشوهەوای ٤٨ کاتژمیری داهاتوو دەکات و بە پێیە ئەمڕۆ شەممە ٦ی حوزەیران ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە کاتەکانی شەودا لە ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەگۆرێت بۆ پەڵە هەورو نیمچە هەور.

پلەکانی گەرما: کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: ٣٨ پلەی سیلیزی

پیرمام: ٣٣ پلەی سیلیزی

سلێمانی: ٣٥ پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: ٣٧ پلەی سیلیزی

دهۆک: ٣٧ پلەی سیلیزی

زاخۆ: ٣٧ پلەی سیلیزی

هەروەها سبەینێ یەکشەممە ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هەندێ جار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێم لەگەڵ ئەگەری بارینی پروشکە بارانێکی کەم هەیە بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین.

پلەکانی گەرما: نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: ٣٨ پلەی سیلیزی

پیرمام: ٣٣ پلەی سیلیزی

سلێمانی: ٣٦ پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: ٣٧ پلەی سیلیزی

دهۆک: ٣٧ پلەی سیلیزی

زاخۆ: ٣٧ پلەی سیلیزی




AM:10:14:06/06/2026