کۆڕبەندى دێڵفى لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ ٦ی حوزەیران دووەمین کۆڕبەندى دێڵفى لە هۆڵى فاوندەیشن لە کارگەى کلتورى لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت و بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارى دەکات و پەیامى دەبێت.

بەچاودێرى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم ئەمڕۆ بۆ دووەمینجار کۆڕبەندى دێڵفى لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا چەندین سەرکردەى وڵاتانى ئەوروپا و ناوچەکە تاوتوێى دۆخى سیاسى و ئابوورى دەکەن.

بڕیار وایە بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارى تێدا بکات و پەیامى دەبێت.

سێمۆن سێمیۆنیدیس دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆڕبەندی دێڵفی لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شانازی بەوەوە دەکەین کە ئەم پرۆژە زۆر سەرنجڕاکێشە لە سلێمانی بۆ دووەم ساڵی لەدوای یەک درێژە پێدەدەین و وەک دەزانن ئەم بۆنەیە لێرە لە سلێمانی، تەنها بۆنەی نێودەوڵەتی نییە کە ئێمە رێکی دەخەین، ئێمە بڕیارمانداوە ئەم پرۆژەیە بەردەوام بکەین، سەرەڕای ئەو کاتە سەختانەی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت.

بڕیار وایە کۆڕبەندەکە ئەمڕۆ و سبەینێ بەردەوامى هەبێت، کە تیایدا ژمارەیەک کەسایەتى سیاسى باڵا بەشدارى دەکەن.

لەمیانی کارەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى دا، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی یۆنان و تورکیا و بولگاریا و رۆمانیا و جۆرجیا و پۆڵەندا و ئیتاڵیا و فەرەنسا، گفتوگۆى چڕ دەکەن لەسەر ئاسایشی ئیقلیمی و ووزە، گواستنەوەى سەوز، گەشەپێدانی ئابورى و دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لەلایەک و پرسەکانی حکومڕانی و هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەکی ترەوە.

کۆڕبەندى نێودەوڵەتى دێڵفى یەکێکە لە گرنگترین کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان لە جیهاندا و ساڵانە لە شارى دێڵفى یۆنان بەڕێوەدەچێت و بۆ دووەمین ساڵیشە لە سلێمانى کۆڕبەندى دێڵفى بەڕێوەبچێت.




AM:11:10:06/06/2026