دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاوکردوەتەوە بە مەبەستی " پاراستنی سروشتی کوردستانەوە لەم وەرزی بەهارو هاوینەی ئەمساڵدا بۆ بەرگرتن لە کارەسات دەبێت ڕێکارە ژینگەیی و تەندروستی و سەلامەتیەکان جێبەجێ بکرێت".
شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بکرێت پێشێلکاریەکان دژ بە زنجیرە بەرزاییەکانی گۆێژە و ئەزمەر و سەرچنار و تێکڕای ناوچە گەشتیاریی و پارێزراوەکان هەر بەردەوامن و تێکدانی ژینەگەکەی هەر درێژەی هەیە لە لایەن کۆمپانیا و دەستەلاتدارانی ئەم ناوچەیە، لە ڕێگەی بیناسازیی و بازرگانی کردن لە سەر سەرچاوە ژینگەییەکان و ناوچە سەوزاییەکان و ڕاروە هەوایی و شێ و عەمباری ئاوی ژێر زەویی و سەرزەی و تێکدانی هاوسەنگی ژینەگەیی و فرە زیندەیی".
"لە ئێستا بە هۆی بەرزبوونەوە ی پلەی گەرما لە دوای زستانێکی تەڕ و پڕ باران، گیایەکی زۆر هەستاوە لە ناوچەکەدا، کە لە هەرکاتێکدا بێت ڕەنگە دووچاری ئاگر کەوتنەوە بێت، ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا گۆمانێکی زۆرمان هەبووە لە سەرچاوەی ئاگرەکان، یان لە بەر هۆکاری پشتگوێ خستن بوو بێت یان بە ئەنقەست و لە پێناو خاپوور کردنی بەرزاییەکاندا بوو بێت"، دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی وا دەڵێت.
دەستەکە وتوشیەتی "لە پێناو ڕێکاری سەلامەتی و تەندروستی و ژینگەیی دەبێت ئەم هەنگاوە کراداریانە بگیرێتە بەر":
١-ئاگربڕ دروست بکرێت.
٢- گیا بدورێتەوە لە ڕێگەی مەکینە و کەرەسەی پیشەشازی نەک دەرمانی گیاقرکردن ، چونکە زۆرینەی دەرمانەگیاقڕییەکان مەترسی تەندروستی هەیە بۆ ژینگەو بڵاو بوونەوە تەشەنە کردنی نەخۆشییە درێژخایانەکان و لەناو بردنی فرە زیندەیی لە سروشتی ناوچەکەدا.
٣- تیمی بەرگری شارستانی بە بەردەومی بوونی ھەبێت لە ناوچەکاندا.
٤- کەرەسەی تەواو ئامادە بێت.
٥- تیمی خۆبەخش و راھێنراو ھەبن.
٦- شوێنی دانیشتن و زۆنی ئاگر کردنەوە دیاری بکرێت و سنووردار بکرێن و رێکاری کردنەوەی ئاگر و کەرەسەکان بگیرێتە بەر کە لەم وەرزەدا، ئاکر کردنەوە لە کەرەسەی تایبەتدا بێت، دەفری تایبەت، مقەڵی و نێرگەلە قەدەغە بکرێت لە هاوڵاتیان و گەشتیارانی نەشارەزا لە ناوچەکە.
٧- هەلمەتێکی سەرتاسەری بەرپا بکرێت بۆ پاکردنەوەی بەرزاییەکانی گوێژە و ئەزمەڕ لە هەموو شەخەڵە نەخوازراوەکانی وەک پلاستیک و شووشەو مادە نامۆکان بە سروشت.
٨- مانەوەی شەوانە لەو شوێنانە دیاری بکرێت و تا چ کاتژمێرێک شەو خەڵک بۆی هەیە بمێنێتەوە.
٩- بۆردی ئاگاداری پێویست دابنرێت و سزا دیاری بکرێت لە فڕێدانی پاشماوە و تێکدانی ژینگە و بڕینەوەی دار و لەناوبردنی سەوزایی و گیانلەبەران، بە بێ چاو پۆشی لە کۆماپانیا و دۆستایەتی، لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت لە سروشت.
١٠- لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکرێت پۆلیسی دارستان بە هاوکاری دەزگاکانی ئاسایش و ژینگە و لیژنەی قایمەقامیەت، لە هەموو دروازەکانی شار و خاڵی پشکنینەکاندا ڕێنمای بە زمانی جیاواز بڵاو بکرێتەوە سەبارەت بە پیس نەکردنی ژینگەو ئاگرکردنەوە و فڕێدانی شەخەڵ، گەر پبکرێت بەڵێننامە پڕ بکرێتەوە لەو گەشتیارانەی کە سەردانی شارەکان دەکەن تا پابەند بن بە ڕێنمای تەندروستی و ژینگەی و هاتوچۆ و سەلامەتی.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا دەستەکە جەختیکردوەتەوە لەسەر ئەوەی "لە ئێستا هیچ پاساوێک نابێت گەر ئاگر بکەوێتەوەو بڵێن بەسەرمانە تێپەڕی، کارەساتی گەورە دروست بن و بڵێن چاوەڕوان کراو نەبووە، یان شارەکان پڕ بن لە شەخەڵ بلێن خەڵک هۆشیار نییە، چونکە بە درێژایی ساڵانی رابردوو ئەزموون هەبووەو ئێمەش بەبەردەوانی ئاگادارمان کردونەتەوە و ڕێکارەکانمان پەخش کرددوە بۆ لایەنەکانی دەسەڵات و دەزگا بەرپرسەکان. هەموو ئەم هەنگاوە کردارییانە بەشێکی بنەرەتی و سەرەتاین لە ئاسایشی نیشتمانی گەر بە تەنگ هەرێمی کوردستانەوە دێن".