نوێترین پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆ پارتی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت

‌وێنەی بافڵ تاڵەبانی لە کاتی پێشکەشكردنی پانێڵەکەی لە دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندی دێڵفی پەیامێک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئاشکرا دەکات.

شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی "کەس حکومەتی پێشووی ناوێت،  حکومەتێک دروست نابێت هاوشێوەی حکومەتی پێشوو بێت،  دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم پەیوەندی بە هەندێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە، کە پێویستیان بە ئاراستەیەکی نوێیە لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد، چونکە بەغداد داوای ئەوە دەکات چۆن ڕێز لە هەرێم دەگرێت، بەو شێوەیەش ڕێز لە حکومەتی ناوەندی بگیرێت".

سەرۆکی یەکێتی وتیشی "دەبێت پشوودرێژی هەبێت بۆ هێنانەکایەی ئاشتییەکی هەمیشەیی و وەک یەکێتی هەوڵمان داوە ململانێکان کەم بکەینەوە. تاوەکو وتوێژ و دیالۆگ بەردەوام بێت، دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دەبێت".

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئێرندا دەڵێت "پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و عەباس عێراقچی زۆر باش بووە و لە ئێستادا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران و واشنتۆن لەوپەڕی باشیدایە. عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوشێوەی پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیر ببینن و ببنە پردێک لە نێوان وڵاتاندا، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان بۆچوونی جیاوازیان بەرامبەر یەکدی هەیە".

سەرۆکی یەکێتی جەختی کردەوە کە "هەوڵی تەواومان داوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەرکەوتوو بێت و دڵخۆشم بەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بەرەو باشتربوون دەچێت، هیوادارم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا تورکەکانمان باشتر بکەین".

ئەمڕۆ دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی دەستیپێکرد. کۆڕبەندەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی ئایندەی ئابووری، پرسی وزە و ئاڵنگارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و بڕیارە سبەینێش کارەکانی بەردەوام بێت.




PM:03:03:06/06/2026