نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆک گەیشتە ١٠٧٥ دینار

بۆ یەکەمجار لە دوای زیاتر لە ٥ ساڵ، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر گەیشتە ١٠٧٥ دینار، هاوکات لە پارێزگای دهۆکیش نرخەکان بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت لە سلێمانیش گران ببێت.

سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند'' دوای ماوەیەکی زۆر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە ١٠٧٥ دینار، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکەی لە نێوان ٩٠٠ بۆ ٩٥٠ دیناردا بووە.''

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی سووپەر گەیشتووەتە ١٥٠٠ دینار و موحەسەنیش بە ١٤٠٠ دینار دەفرۆشرێت، و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئەوانیش زیاتر بەرز دەبنەوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم گرانبوونە، لێپرسراوەکەی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕوونی کردەوە کە هۆکارەکەی بۆ کەمیی بەنزین لە سەرتاسەری عێراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش وای کردووە بازرگانان بەنزینی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی گرانتر بکڕنەوە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بیفرۆشنەوە. ئاشکراشی کرد کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان لەم کەمیی و گرانبوونەی بەنزین ئاگادار کردووەتەوە.

هاوکات لە پارێزگای دهۆکیش نرخەکان بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک ڕایگەیاند کە لای ئەوانیش نرخی بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە ١٠٥٠ دینار (سەرەڕای ئەوەی پێشتر ٩٥٠ دینار بووە)، سووپەر لە نێوان ١٤٠٠ بۆ١٤٥٠ دینارە و موحەسەنیش بە ١٣٠٠ دینار دەفرۆشرێت. قایمقامی دهۆک هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەی بۆ کەمبوونی بەرهەمی هەردوو پاڵاوگەی (کار) و (لاناز) گەڕاندەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە پارێزگای سلێمانی هێشتا نرخەکان وەک خۆیان جێگیرن، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم یەک دوو ڕۆژەدا لێرەش نرخەکان بەرز ببنەوە. بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئێستادا لە سلێمانی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە ٩٥٠ دینار، سووپەر بە ١٢٥٠ دینار و موحەسەن بە ١١٥٠ دینار دەفرۆشرێت.



PM:11:36:06/06/2026