وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا ئاماژە بە سیفاتە کەسی و حوکمڕانییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت'' ئەو ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام لەسەر بنەمای مەبادئی ڕاست و چەسپاندنی یاسا.''
پێشەوا هەورامانی دەڵێت'' مەسرور لەنزیکەوە پیاوێکی زۆر ئارام و میهرەبانە و هەمیشە بە بەرپرسان دەڵێت کە دەبێت ڕێزی خەڵک بگرن.'' جەختیش دەکاتەوە کە ژمارە و داتاکانی سەردەمی کابینەکەی، بەبێ دەنگەدەنگ و هەڵا، شاهێدی بۆ کارەکانی و بردنی هەرێم بەرەو قۆناغێکی دیکە دەدەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسیی سەرۆکی حکوومەت، هەورامانی ڕوونی دەکاتەوە کە مەسرور بارزانی حەزی بە ڕێککەوتن و دانوستانە و دەرگای کراوەیە، بەڵام توندە لەگەڵ ئەو لایەن و کەسانەی کە بە ڕۆژی ڕووناک خەڵک تیرۆر دەکەن، سیاسی زیندانی دەکەن، ڕۆژنامەنووس دەکوژن و ئازاری سەرۆک حیزب دەدەن بۆ ئەوەی ناچاری ڕێککەوتنی بکەن.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆکی حکوومەت دژی قاچاخچێتی و کارگەی ماددەی هۆشبەرە، و دەیەوێت داهاتی شارەکان بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بێت. هاوکات دەیەوێت هێزی پێشمەرگە وەک هەمیشە پارێزەری خەڵک بێت، نەک وەک هەندێک لایەن ببنە هۆکاری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و کاری نامرۆڤانە لە زیندانەکاندا.