بارەگایەکی پارتی ئازادی لە سنوری هەولێر بۆردومان کرا

بەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشکرایە سەر بارەگایەکی پارتی ئازادی کوردستان لە سنوری هەولێر، هاوکات لە سنوری خەلیفان درۆنێک و لە سنوری ئاکرێ دوو درۆن خرانە خوارەوە.

بە پێی زانیارییەکان کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی حوزەیران بە درۆن بارەگای چەمشاری پارتی ئازادی لە نزیک ناحیەی دارەشەکران بۆردومان کراوە و تەنیا زیانی مادیی بەر بارەگاکە کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە.

هەر ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک هێرشێکی درۆنی تێکشکێندرا.

بەشار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل لەمبارەیەوە رایگەیاند "دوو درۆن لەلایەن فڕۆکەکانەوە لە ئاسماندا تێکشکێنران و پارچەکانیان لە سنووری گوندەکانی گوزار و زراڤۆک کەوتوونەتە خوارەوە".

سەبارەت بە زیانەکانی ئەو رووداوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەکەوتووەتەوە.

هەر ئەمڕۆ لە سنوری خەلیفان درۆنێک خرایە خوارەوە. لەمبارەوە ئەمجەد حسەین پەناهی، ئەندامی کۆمیتەی رێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سپی راگەیاند کاتژمێر ٦:٥٨ بەیانی درۆنێک لە ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە بەڵام لەلایەن ئەمریکییەکانەوە خراوەتە خوارەوە.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە ٨ی نیسان، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن، تەنیا مانگی رابردوو ٢١ هێرش بە درۆن و موشەک کراوەتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.




AM:11:24:07/06/2026