کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان کەلار و کفری کەوتە کار


وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، موقەمان سامان عەلی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت "لەکاتژمێر ١٠:٠٠ ـی بەیانیی ئەمڕۆوە کامێراکان بە فەرمی سەرپێچی تۆمار دەکەن، داواکارین شۆفێران پابەندی خێرایی رێگەپێدراو بن".

یەک شەممە، ٧ حوزەیردان ٢٠٢٦، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند "خێرایی لە رێگای کەلار – کفری ١٠٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، بەڵام لە گوندەکان دەبێتە ٦٠ کیلۆمەتر و نزیک قەزای رزگاریش بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو دەبێتە ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا".

"کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان کەلار و دەربەندیخانیش زۆرینەی کارەکانی کراوە و تەنیا دەستبەکاربوونی ماوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لەو رێگەیەش دەخرێتە کار"، موقەمان سامان عەلی وا دەڵێت.

دووسایدکردنی  رێگای نێوان قەزاکانی کفری و کەلار، ساڵی ٢٠٢٤ تەواوبوە درێژییەکەی ٤٢  کیلۆمەترە، بۆ هەر سایدێکی ٨ کامێرا دانراوە.




PM:04:45:07/06/2026