بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە رێگای بەغداد-بەسڕە، پەیامنێر و بەرپرسی نوسینگەی کەناڵی رووداو لە بەغداد، هەڵکەوت عەزیز کۆچی دواییکرد.
دوو شەممە، ٨ حوزەیران ٢٠٢٦، دوای نزیکەی ١٦ ساڵ کارکردن لە بواری راگەیاندن، ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا.
هاوکارێکی کە پێکەوە لە یەک ئۆتۆمبێلدا بوون دوای رووداوی هاتوچۆکە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئێمە لەسەر رێگاکە دەڕۆیشتین و لەپڕ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لەبەردەمان دەستی شکاندەوە و تووشی ئەم رووداوە بووین، کە هاوکارمان هەڵکەوت عەزیز بە سەختی تیایدا بریندابوو"، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە هەڵکەوت عەزیز گیانی لەدەستدا.
هەڵكەوت عەزیز، لە ساڵی ١٩٨٩ لە هەولێر لە دایکبووە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری کەرکوکە.
ئەو رۆژنامەنووسە بڕوانامەی دیبلۆمی لە بواری دەرهێنان لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركوک تەواوکردوە.
هەڵکەوت عەزیز لە ساڵی ٢٠١٥وە لە کەناڵی رووداو دەستی بەکارکردن کردوە و بەر لەو کاتەش لە کەناڵی کەرکوک و میدیاکانی یەکێتی نیشتیمانیدا وەک رۆژنامەنووس کاری کردوە.
ئەم رۆژنامەنووسە یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی کورد لە بەغداد