جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای بڕینی مووچەی هەرێم دەکات

‌عەدنان فیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عەدنان فیحان لە داوەیەکدا بۆ حکومەتی عێراق داوا دەکات ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تا کاتی ئەنجامدانی پاکتاوی تەواوەتیی شایستە داراییەکان.

دوو شەممە، ٨ حوزەیران ٢٠٢٦، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد کە دەستبەجێ ڕادەستکردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، تا ئەو کاتەی پاکتاوی تەواوەتی بۆ ئەو بڕە پارە قەرزانە دەکرێت کە پێشتر ڕادەست نەکراون، ئەمەش بەپێی ئەحکامەکانی یاسای بودجەی گشتی و ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم.

عەدنان فیحان جەختی کردەوە کە هەر ڕێکارێکی پێچەوانەی ئەمە، حکومەت بە تەواوی بەرپرسیار دەکات و دەیخاتە ژێر لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتییەکەیەوە.

ئەو بەرپرسەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی فیدراڵیی پێشوو بە ڕوونی سەرپێچیی ئەحکامەکانی یاسای بودجەی گشتی ژمارە (١٣)ی کردووە، بەوپێیەی بڕە پارەیەکی وەک مووچەی ٥  مانگی ساڵی ٢٠٢٥ ی ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردووە، بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە داهاتە نانەوتییە شایستەکان وەربگرێتەوە.

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رونیشکردوەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی (١٣) لە یاسای بودجەی گشتی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ و ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی ٢٠٢٥ لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا واژۆ کراوە، پابەند بووە بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی کە بڕەکەی ٣٩١ ملیار دیناری مانگانەیە بە حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش پاڵپشت بە ڕاپۆرتی نیوەساڵانەی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

عەدنان فیحان باسی لەوەش کردوە کە لیژنەی وزاریی شەش قۆڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی بڕی پارەکە بۆ ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەش نەبووە، سەرەڕای پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵی بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥.

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاشکرای کردوە  کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نوێ کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بە پێدانی بڕی ١٢٠  ملیار دینار لە داهاتە نانەوتییەکان، بە زیادبوونی ساڵانە بە ڕێژەی ٪١٠ ، بەمەش ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا مانگانە ڕادەست بکرێت، دەگاتە نزیکەی ١٣٢  ملیار دینار.





PM:05:38:08/06/2026