حەج و عومرەی هەرێم: لە ماوەی دوو ڕۆژدا سەرجەم حاجیان بە ڕێگەی ئاسمانی دەگەڕێنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' دوای بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بۆ کردنەوەی کایەی ئاسمانی، پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی هەرێم بە شێوازی ئاسمانی دەستپێدەکاتەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژدا سەرجەم حاجیان دەگەڕێنەوە.''

کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم و دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقدا، بڕیاری ئاساییکردنەوەی گەشتەکان دراوە.''

جەختیشی کردەوە کە بڕیارە لە سبەینێوە گەشتە ئاسمانییەکان وەک پێشتر بەردەوام بن، بە جۆرێک کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا تەواوی حاجیانی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشەممە (٧ی ئایاری ٢٠٢٦)، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی سعوودیە بەڕێکەوتبوون.

بۆ ئەمساڵ، پێنج هەزار و ١٢٠ کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیەیان کردووە، کە لەو ژمارەیە دوو هەزار و ٣٦٨ کەسیان لە ڕەگەزی مێ و دوو هەزار و ٧٥٢ کەسیشیان لە ڕەگەزی نێر بوون.



AM:12:09:09/06/2026