سەرکردەیەکی پێشووی ئیسلامی، لە وەڵامێکی تونددا هێرش دەکاتە سەر ئەو ئیسلامییانەی ڕەخنەیان لە دەرکەوتنی گرتووە لەگەڵ کوڕی سەرۆکی هەرێم لە ئیڤێنتێکی تایبەت بە دەزگای ڕوانگە و ئەو هەڵوێستە بە سیاسەتی "بانێکە و دوو هەوا" ناودەبات.
ئەبوبەکر کاروانی ڕایگەیاند'' هەندێک لە ئیسلامییەکان پێی دەڵێن نابێت لەگەڵ کوڕی سەرۆکی هەرێمدا دەرکەویت، لە کاتێکدا سەرۆکی حیزب و ڕەوتەکانی خۆیان باوەش بە کەسە یەکەمەکانی پارتی و یەکێتیدا دەکەن، ماچ و موچیان لەگەڵ دەکەن و یارمەتیشیان لێ وەردەگرن.''
کاروانی جەختی کردەوە کە پێویستە کەس خۆی نەخڵەتێنێت، چونکە ئەو دە ساڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبێکی ئیسلامی بووە و چوار ساڵیش وەزیر بووە، بۆیە لە ئێستادا زانیاریی وردی هەیە کە زۆربەی حیزب، ناوەند و دەزگاکان، بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، سوود لەو پارانە وەردەگرن کە دەزگای ڕوانگە و هاوشێوەکانی پێ تەمویل دەکرێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد، زانیاریی تەواوی لایە کە فڵان ناوەند و حیزب بڕی چەند پارە و لە کێی وەردەگرن، لە کاتێکدا بەشێک لە ئەندامەکانیان دەمشڕی و موزایەدە دەکەن و ئامادەبوونی ئەوان لە هۆڵێکدا لەگەڵ کوڕی سەرۆکی هەرێم دەکەن بە پێوەری ئیمان، کوفر و خۆبەدەستەوەدان.