ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری داخستنی سەیرانگای ئەحمەد ئاوای بەڕووی گەشتیاراندا ڕاگەیاند، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ تیمەکانی فریاگوزاری کە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمی کچێکی تەمەن ١٢ ساڵدا کە لە ئاوەکەدا خنکاوە.
ڕووداوەکە کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە ڕوویداوە، کاتێک کچێکی گەشتیار بەناوی (ڕوقیە ڕافد) کە لەگەڵ خێزانەکەی لە پارێزگای کەربەلاوە هاتبووە سەیرانگاکە، لە کاتی وێنەگرتندا دەکەوێتە ناو ئاوی زەڵمەوە و بێسەروشوێن دەبێت.
ڕافد حوسێن، باوکی ڕوقیە، ڕایگەیاند'' کچەکەی بۆ وێنەگرتن چووەتە نزیک ئاوەکە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن دایکییەوە، بەردەوام بووە تا ئەو کاتەی کەوتووەتە ناو ئاوەکە و لەبەرچاویان ون بووە.''
لەلای خۆشیەوە، عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ڕایگەیاند'' تیمەکانیان لە کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارەی دوێنێوە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و گەڕان بەردەوامە.''
ئاماژەی بەوەش کرد کە سەختیی جوگرافیای ناوچەکە و سروشتی ڕێڕەوی ئاوی زەڵم پرۆسەکەی قورس کردووە، چونکە ئاوەکە لە شوێنێکی بەرزەوە بە لێژمە دێتە خوارەوە و بەردی گەورەی تێدایە، ئەمەش ڕێگر بووە لە بەڕێوەچوونی خێرای کارەکانیان.
ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە جەخت دەکاتەوە کە بڕیاری داخستنی سەیرانگاکە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و ڕێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵغی، بۆ ئەوەی دەرفەتی تەواو بدرێتە تیمەکانی فریاگوزاری بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، و داواش لە هاوڵاتییان دەکەن تا کۆتاییهاتنی پرۆسەکە پابەندی بڕیارەکە بن.