نەبیل مەرسومی، شارەزای دیاری بواری ئابووری، ڕایگەیاند'' کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی توندیان بۆ حکومەتی عێراق داناوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.''
مەرجی یەکەمیان دابینکردنی پاراستنی تەواوە بۆ کێڵگە نەوتییەکان لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە مەبەستی زامنکردنی سەلامەتیی کارمەند و ئەندازیارە بیانییەکان.
مەرجی دووەمی کۆمپانیاکان بریتییە لە دانانی میکانیزمێکی ڕوون بۆ گەرەنتیپێدانی بەردەوامیی شایستە داراییەکانی ئێستایان لە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بەپێی هەموارەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی.
هاوکات وەک مەرجی سێیەم داوای پابەندبوون دەکەن بە پێدانی قەرز و شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی پێشوویان، کە لە پێشەنگیاندا کۆمپانیای نەرویجی DNO دێت کە ڕەتیکردووەتەوە نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بنێرێت تا ئەو کاتەی پرسی پارە دواخراوەکانی کە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت بە تەواوی چارەسەر دەکرێت.