بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند'' بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە، توانراوە ئاگرێکی بەرفراوان لە سنووری شارەدێی سیتەک کۆنترۆڵ بکرێت، دوای ئەوەی زیانێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکە گەیاند.''
پۆلیسی دارستان ڕوونی کردەوە کە ئاگرەکە لە ناوچەی (بزێنیان) و (کانی دڕکە) لە سنووری سیتەک کەوتووەتەوە، و دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوکاریی تیمی بەرگریی شارستانی، ژمارەیەک کرێکار و دانیشتووانی ناوچەکە توانیویانە بەربەست لەبەردەم تەشەنەسەندنی ئاگرەکە دروست بکەن و کۆنترۆڵی بکەن.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەهۆی ئەم ئاگرەوە نزیکەی ٦٠٠ دۆنم پووش، پاوان و داری سروشتی لە ناوچەکەدا سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە تا ئێستا نادیارە و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی بەردەوامن.