ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد

دوای ماوەیەکی زۆر لە کۆنەبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی فەرمیی خۆی گرێدا، لە پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەژە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی بڕیارە نوێیەکانی خستەڕوو.

وتەبێژی حکومەت جەختی لەسەر هەوڵی جدی هەرێم کردەوە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەم چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند کە لەسەر پێشنیازی فەرمیی حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێت کە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دەستبەکار دەبێت، ئەرکی ئەم لیژنە باڵایەش تەنیا دۆزینەوەی میکانیزمی یاسایی بۆ کێشەکان نابێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا کار بۆ پتەوکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە دبلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو لایەن دەکات.

سەبارەت بە دۆسیەی وزە و هەناردەکردنەوەی نەوت، پێشەوا هەورامانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک بە حکومەتی عێراق، چونکە هەناردەکردنەوە لە بەرژەوەندیی گشتی و ئابووریی وڵاتدایە.

هاوكات ئاشکرایشی کرد کە کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان کە دەیانەوێت دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە، داوای گەرەنتیی ئەمنی ڕاستەوخۆیان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

لە ته‌وەرێکی تردا، وتەبێژ ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێم بە هیچ شێوەیەک لە دژی جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" نییە، بەڵام گلەیی لەوە هەیە کە دەبوو بەغدا زووتر ئاگاداریان بکاتەوە چونکە پڕۆسەکە ئامادەکاریی زۆری دەوێت، و ڕاشیگەیاند کە هەر کاتێک شاندی بەغدا ئامادە بێت، شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم سیستمە دەچێتە عێراق.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا قەیران و فشارێکی دارایی توندی خستووەتە سەر داهاتی ناوخۆ، بە جۆرێک کە ئێستا ٥١،٠٠٠ (پەنجا و یەک هەزار) مووچەخۆر لەسەر داهاتی ناوخۆیی هەرێم مووچە وەردەگرن، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا داوای بودجەی تەواو لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەن نەک تەنیا ناردنی پارەی مووچە.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دۆخی کارەبا و سووتەمەنی.

پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند کە زۆربەی هاونیشتمانیان لە پڕۆژەی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری (پڕۆژەی ڕووناکی) ڕازین و ئەو پچڕانە کاتییانەی کە جارجارە ڕوودەدەن تەنیا کێشەی تەکنیکین و تیمە ئەندازیارییەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەنزین لە بازاڕەکاندا، گوتەبێژی حکومەت دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و شۆفێران کە قسەی پێویستیان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان کردووە و جەختی کردەوە کە ئەم گرانییە کێشەیەکی کاتی و تێپەڕە و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت، بە جۆرێک کە هیچ جۆرە بارگرانی و زیانێکی دارایی بۆ سەر شانی خێزانەکان دروست نەکات.




PM:02:11:10/06/2026