دهۆک.. لە ساڵێکدا ٣٠ هەزار تووشبوو سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەیان کردوە

‌ئەرشیف، دهۆک

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئومێد، د. چەکدار ئەحمەد زانیاری سەبارەت بەدۆخ و پێداویستی نەخۆشخانەکەیان و ئاماری تایبەت بە توشبوانی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک لە ماوەی ساڵێکدا کە سەردانی نەخۆشخانەکەیانیان کردوە بڵاو دەکاتەوە.

چوار شەممە، ١٠ حوزەیران ٢٠٢٦، د، چەکدار ئەحمەد، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئومێدی تایبەت بە شێرپەنجە رایگەیاند "لەماوەی ساڵێکدا ٣٠ هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و بە خەرجیی زیاتر لە ٨ ملیار دینار خزمەتی نەخۆشەکان کراوە".

"لە نەخۆشخانەکە پێویستمان بە ژمارەیەکی زیاتر لە کارمەند، پزیشک و پەرستار هەیە، تەنانەت پێویستی بە ئامێر و ئۆتۆمبێلی نوێ هەیە، چونکە لەو کاتەی کە نەخۆشخانەکە کراوەتەوە هەر بەهەمان کارمەند و پزیشک بەڕێوەدەچێت کە لە نەخۆشخانەی ئازادی بوون"، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئومێد وا دەڵێت.

لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا لە نەخۆشخانەی ئازادی بەشی شێرپەنجە کرایەوە، پاشان گەشەی کردووە و بوو بە نهۆمێکی تایبەت بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکە، لە ساڵی ٢٠٢٥ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە لە دهۆک کرایەوە، بەڵام تا ئێستا لەو پارێزگایە سەنتەری چارەسەرکردن بە تیشک بۆ توشبوانی شێرپەنجە نییە.





PM:08:02:10/06/2026