وتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە مووچەی هەرێم زانیاری ئاشکرا دەکات

‌حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق

وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی دوای ئەوەی وەک وتەبێژی حکومەتی عێراق دەستبەکاربوو، یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەوانی خۆی ئەنجامدا و زانیاری سەبارەت بە چەند پرسێک خستە روو لەوانە مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان.

چوار شەممە، ١٠ حوزەیران ٢٠٢٦، حەیدەر عەبودی لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی  هەرێمی کوردستان و بڕەکەی رایگەیاند  "لەو پرسەدا پشت بە بنەمای دەستووری دەبەستین کە ئاماژە بەوە دەکات نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە و ئەوەی لەسەر حکومەتەکەمانە وەک لایەنی دارایی و موڵکداریی و بەڕێوەبردنی داهاتە، کە دەچێتە گەنجینەی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسە، ئەوەش پابەندبوونێکی جێگیرە لەلایەن حکومەتی عێراق و لەو چوارچێوەیە مامەڵە دەکات".

"حکومەتی فیدراڵی رێکارەکانی مامەڵە و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەی پەیوەندیدارە بە مووچە رێکدەخات، لەبەر ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی هەیە بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە و دابینکردنی پێویستییەکانی و دەیەوێت لەم قۆناغەدا داهاتە داراییەکان لەبەرچاو بگرێت، چ داهاتی نەوتی یان نانەوتی کە پێشتر ئەو پرسە چارەسەر کراوە"، وتەبێژی حکومەتی عێراق وا دەڵێت.

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان وتەبێژەکەی حکومەتی عێڕاق وتی "ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، یەکێک بوو لەو پرسانەی کە لە کۆبوونەوەی خولی ئەنجوومەنی وەزیران باسکرا و سەرۆک وەزیران فەرمانی دا کە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار ببنەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، چونکە داهاتەکەی دەچێتەوە گەنجینەی حکومەت و ئەوەش پەیوەندیدارە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  لەساڵی ٢٠٢٥، بڕیاری دا کە ١٢٠ ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رادەست بکرێت و رۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە بنێرێت.







PM:08:29:10/06/2026