رێنمایی نوێ بۆ هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل دەردەچێت


بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، لە نوسراوێکدا گشتاندنێکی نوێی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ دەرکرد سەبارەت بە رێکخستنەوەی پرۆسەی دووبارە هەناردەکردنەوەی ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات.

چوار شەممە، ١٠ حوزەیران ٢٠٢٦، لە نووسراوەکەدا چەند بڕیارێک دەرچووە کە لە ١٥ ئەم مانگەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و تیایدا هاتووە "رێگا بە هەناردەکردنی هیچ ئۆتۆمبیلێک نادرێت کە لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکرابێت".

 گرنگترینیان ئەو بڕیارانەی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمانەن:

١-  رێگادان بە هەناردەکردنەوە:  رێگا بە کۆمپانیاکان دەدرێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە تابلۆی کاتی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، دووبارە هەناردە بکرێنەوە، ئامانج لەم بڕیارە رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی مۆدێل (٢٠٢٤، ٢٠٢٥، ٢٠٢٦) لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و رێکخستنەوەی هاوسەنگی بازاڕ.

٢-  وەرگرتنی مۆڵەت:  پێویستە ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت ئۆتۆمبێل هەناردە بکەنەوە، مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەربگرن، بەو مەرجەی کۆمپانیاکە بەپێی رێنماییەکانی ساڵی ٢٠٢١ تۆمار کرابێت.

٣-  باجی گومرگی:  بڕی ٪٥  نرخی خەمڵێنراوی هەر ئۆتۆمبێلێک وەک باجی گومرگی لە لایەن لیژنەکانی خەمڵاندنی گومرگەوە وەردەگیرێت.


٤-  رەشکردنەوەی تۆمار:  دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەناردەکردنەوە، تۆماری ئۆتۆمبێلەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ رەشدەکرێتەوە.

٥- چاودێری بازاڕ:  رێنماییەکان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە مانگانە چاودێری نرخەکان لە بازاڕدا بکرێت، ئەگەر بڕیاری هەناردەکردنەوە ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێل بۆ بەکارهێنەری ناوخۆ، ئەوا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت.

ئەم رێکارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوتەریبن لەگەڵ بڕیاری ژمارە (١٠٢)ی ساڵی ٢٠٢٦ ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بە مەبەستی یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان و پاراستنی سەقامگیری نرخ لە بازاڕەکانی ئۆتۆمبێلدا.




PM:10:57:10/06/2026