وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، سۆران محەمەد سەبارەت بە خنکاندنی گەنجێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە ئاوی باڵەجۆ لە شارەدێی قۆرەتوو لە سنووری گەرمیان، زانیاری بۆ میدیاکان ئاشکراکرد.
چوار شەممە، ١٠ حوزەیران ٢٠٢٦، سۆران محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند "ئەمڕۆ لە گوندی ساڵح ئاغا سەر بەشارەدێی قۆرەتوو، تەرمی گەنجێک بەناوی هێمن ئیسماعیل کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠١٠یە، هێنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شارۆچکەی کەلار".
"بەوتەی کەسوکارەکەی گەنجەکە لەکاتی مەلەکردندا لەئاوی باڵەجۆ لە گوندەکەی خۆیان خنکاوە"، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وا دەڵێت.
بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا بەمەبەستی توێکاری تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی شارۆچکەی کەلار کراوە و لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە.