تیمی پارێزەرانی لاهور
شێخ جەنگی ئاشکرایدەکەن کە ناوبراو داوا دەکات دۆسییەکەی بە شێوەیەکی یاسایی و
دوور لە دەستوەردانی سیاسی لە دادگاکان یەکلا بکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، ١١ی
حوزەیرانی ٢٠٢٦، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی راگەیاند،
ئەمڕۆ تیمی پارێزەران لە زیندان سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کردووە و دۆخی تەندروستی
جێگیر و باشە. ئاماژەی بەوەش کرد، ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت هیچ هەنگاوێکی
دەرەوەی یاسا بنرێت و پێویستە یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت.
دانا تەقیەدین وتیشی:
لاهور شێخ جەنگی نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لەوەی پێش وەڵامدانەوەی دادگای تەمیز، هەنگاو
لە دۆسییەکەی بنرێت، هەر بۆیە داوای کردووە دانیشتنەکانی دادگا بەڕێوە نەچن تا ئەو
کاتەی بڕیاری کۆتایی لەسەر داواکارییە یاساییەکان دەردەچێت.
تیمی پارێزەرانی لاهور
شێخ جەنگی جەختیان لە گرنگی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و رایانگەیاند، پێویستە
رێڕەوی یاسایی دۆسییەکە بەبێ گوشار و دەستوەردانی لایەنی سیاسی بەڕێوە بچێت و
دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر کێشەکان بدات.
شەوی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان
هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا و پاش چەند کاتژمێرێک لاهور
شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران.