وتەبێژی پارتی: ئامادەین کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بکەین

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایدەکات هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی چەقبەستوویی بەردەوامن و ئامادەی کۆبوونەوەن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆسپەکانی ناوچەکە داوای یەکڕیزیی لایەنەکان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوە دا، دوای هەڵبژاردنەکان و بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی سەردانی لایەنە کوردستانییەکانیان کردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی چەقبەستوویی هەرێمی کوردستان بهێنن.

وتەبێژی پارتی هەروەها ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە پارتی ئامادە نییە بۆ کۆبوونەوە و وتی: "ئەو قسانەی لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە دەکرێن راست نین، ئێمە ئامادەین و هیچ شتێکی شاراوەش نییە، پێویستە کۆببینەوە و زەمینەیەکی گونجاو دروست بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانەی هەن".

سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەکێتی روونیشی کردەوە، لە پەیوەندی و گفتوگۆدان بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو و ئەوەشی خستە روو، دەیانەوێت ئامادەکارییەکی باش بۆ کۆبوونەوەکان بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمیان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەحمود محەمەد تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکان و رایگەیاند، ناوچەکە کۆمەڵێک رووداو و گۆڕانکاریی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ئەو کۆسپانە بگرن و هەرێمی کوردستان تووشی کێشە نەبێت، پێویستیان بە یەکڕیزییەکی گرنگ هەیە لە ناوخۆدا.

سەرەتای جەژنی قوربان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە گشت لایەنە کوردستانییەکان کرد کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن و دەست بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی بکەن.




PM:03:24:11/06/2026