بڕیارە لە مانگی
داهاتووەوە، کۆمپانیایەکی پسپۆڕی فینلەندی بە فەرمی دەست بە هەڵسەنگاندنی مەیدانی
و تهکنیکی بۆ شەقام و ڕێڕەوەکانی پاس لە ناو شاری سلێمانیدا بکات تا سیستمی
گواستنەوە بگۆڕێت.
تۆمۆ ئیلیما، بەڕێوەبەری
جێبەجێکاری دابینکردنی پاسی کارەبایی لەو کۆمپانیایە، ڕایگەیاند کە پڕۆسەی پشکنینەکە
لە وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات و پاسی ئەلیکترۆنیی کوالێتی بەرز لە وڵاتی
فینلەنداوە بۆ ئەم مەبەستە هاوردە دەکرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش
کرد کە ئێستا لە قۆناغی داڕشتنی کۆتاییی پلانە کردارییەکە و دروستکردنی سیستەمە لۆجستییەکەدان
تاوەکو تەواوی ئەو پاسانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن، بگۆڕدرێن.
لەسەر لایەنی فەرمی و
کارگێڕی، بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، تیشکی خستەسەر
گرنگیی ئەم پڕۆژەیە و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن
ئۆتۆمبێل هەن کە بە سووتەمەنی (بەنزین و گازوایل) کاردەکەن و بوونەتە هۆکاری سەرەکی
بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکان، بۆیە حکومەت هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە
دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، وەک
پاڵپشتی و هاندانێک بۆ بازرگانان و کڕیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە
کە ئۆتۆمبێلە کارەبایی و نیمچە کارەباییەکان بە تەواوی لە باجی گومرگی ببەخشێت.