بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، فازڵ نەبی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت "تا ئێستا بەغداد ڕژدە لەسەر داواکارییەکەی بە ناردنی ١٢٠ ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ هەر مانگێک".
پێنج شەممە، ١١ حوزەیران ٢٠٢٦، فازڵ نەبی رایگەیاند "هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، بۆ سیستمی ئەسیکۆدا، جەنگی ناوچەکە و ئەو هێڵە بازرگانییە دەگەڕێتەوە کە لە تورکیاوە بۆ سوریا و پاشان بۆ عێراق کراوەتەوە، بەمەش داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بۆ ٪٧٠ کەمیکردووە".
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان فازڵ نەبی وتی "هەرکاتێک شاندی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغداد، لێکگەیشتن لەسەر داهاتی ناوخۆ دروست دەبێت و بە ئەگەری زۆرەوە مانگانە بەغداد مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".
"کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت و ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ عێراق داهاتی نەوتیی نەبێت، دەتوانێت مووچەی مووچەخۆران بەبێ گرفت دابەشبکات"، فازڵ نەبی وا دەڵێت.
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەدەگی دراوی عێراقی لە بانکی مەرکەزیی، دوو ئەوەندە و نیوی ئەو بڕە دەبێت کە پێویستە عێراق هەیبێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا فازڵ نەبی لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یەدەگی دراو وتی "حکومەت دەتوانێت بە چەند ڕێگایەک ئەو یەدەگە بەکاربهێنێت و هیچ گرفتێک لە بەکارهێنانی نییە".