ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری شاری مەریوان، شەڕ و پێکدادانی چەکداریی بەهێز لە نێوان هێزەکانی ئەوان و سوپای پاسدارانی ئێراندا ڕوویداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی (یەرەکە)، لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ەوە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جموجۆڵێکی بەرفراوانی سەربازیی لە دژی هێزەکانی ئەوان لە سنووری مەریوان دەستپێکردووە، و هاوکات بە چەکی قورسی وەک تۆپ و هاوەن، ناوچەکەی بە چڕی بۆردومان کردووە.
یەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوادا، هێزەکانیان وەڵامی توندی هێرشەکانی سوپای پاسدارانیان داوەتەوە.
بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو وەڵامدانەوەیەدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە ڕیزەکانی سوپای پاسداران کەوتووەتەوە، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی یەرەکە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی لە پێگەکانی خۆیاندا جێگیرن و پارێزگاری لە ناوچەکە دەکەن.