موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل و کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی کردەوە کە پڕۆسەی چەکدانانی گەریلا تەنها بە داواکاریی دەوڵەتی تورک جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو مەرجە تاوەکو دەوڵەت هەنگاوی کردەیی و یاسایی بۆ ناساندنی بوونی گەلی کورد لە دەستووردا نەنێت و ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان فەراهەم نەکات، گەریلا دەست لە چەک هەڵناگرێت.
قەرەیلان ڕایگەیاند'' عەبدوڵا ئۆجەلان دانوستانکاری سەرەکی و نوێنەری گەلی کوردە، و ئەستەمە لە کاتێکدا ئەو لە زینداندا بێت پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەبچێت، بۆیە پێویستە ستاتۆی ئەو وەک لایەنی سەرەکی دیاریبکرێت و ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات.''
ئاماژەی بەوە کرد بۆ چارەسەری پرسی کورد، دەبێت تورکیا لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن پاشەکشە بکات و کورد وەک بوونێکی ڕەوا قبوڵ بکات. داواشی کرد لە بری تەنها یاسایەک بۆ چەکدانان، "یاسای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک" بۆ گەریلا دەربکرێت و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووردا بچەسپێنرێن.
لە کۆتاییدا، قەرەیلان یادی "شەهیدانی مانگی حوزەیران"ی بەرز ڕاگرت و بەڵێنی دڵسۆزی بۆ ئامانجەکانیان دووپات کردەوە، و ڕایگەیاند کە تێکۆشانەکەیان گەیشتووەتە قۆناغێکی ستراتیژی.
ئەم لێدوانانەی قەرەیلان لە کاتێکدایە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ەوە بە دەسپێشخەریی دەولەت باخچەلی، پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستیپێکرد، کە تێیدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. لە وەڵامدا پەکەکە لە مەیی ٢٠٢٥دا کۆنگرەی ١٢ی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، وەک نیازپاکییش لە تەممووزی هەمان ساڵدا گروپێکی ٣٠ کەسیی گەریلا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان، و لە تشرینی یەکەمی ڕابردووشدا کشانەوەی تەواوەتییان لە تورکیا ڕاگەیاند.