شەپۆلێکی باران بارین و سەرما روو لەهەرێم دەکات


شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات کەشێکی ناسەقامگیری کورتخایەن باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە؛ لە ناوەڕاستی هەفتەشدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و کەشەکە فێنک دەبێت.
 
هەڤاڵ صدیق گەڵۆزی شارەزای بواری کەشناسی لە پۆستێکدا دەڵێت" ڕۆژی یەکشەم ڕێکەوتی ١٤ـی حوزەیران بە هۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریی مامناوەندی شێدار بۆ سەر تورکیا و باکووری کوردستان، شەپۆلێکی تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە ناوچەکە دەگرێتەوە.»

لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت "لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ تا عەسری ڕۆژی یەکشەمە، ئەگەری نمەباران یاخود تاوەبارانی بەخوڕی کورتخایەن و چالاکبوونی هەورەبرووسکە لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، باکووری موسڵ و بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین هەیە".

«هەروەها دەشڵێت "لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمەوە کاریگەریی ئەم بارستە هەوا ساردە زیاتر دەبێت و لە ڕۆژانی دووشەمە، سێشەمە و چوارشەمەدا، پلەکانی گەرما دابەزینی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن".

هەڤاڵ صدیق گەڵۆزی لە کۆتایدا دەڵێت "لە کاتەکانی ڕۆژدا کەشێکی فێنکی مامناوەند لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و لە شەواندا تا کاتی بەرەبەیان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، تا ڕادەیەک هەست بە ساردی دەکرێت.»




PM:10:17:12/06/2026