کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا بەپەلە داوای ئازادکردنی (سەڵاحەدین دەمیرتاش) و (فیگەن یوکسەکداغ) کرا، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد، پرسی "مافی هیوا" تایبەت بە (ئاپۆ) نەخرایە بەرنامەی کارەوە، هەروەها داوا زانیاری تەواو لە تورکیا دەکەن لەسەر ئەو هەنگاوانەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نراون.
لە نێوان ٩ بۆ ١١ـی حوزەیران، کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ١٥٦٣ـەمین کۆبوونەوەی خۆی گرێدا.
لەم دانیشتنەدا، بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی کورد دەرچوو، کە تێیدا بەپەلە داوای ئازادکردنی (سەڵاحەدین دەمیرتاش) و (فیگەن یوکسەکداغ) کرا، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد، پرسی "مافی هیوا" تایبەت بە (ئاپۆ) نەخرایە بەرنامەی کارەوە.
وەک لە راگەیاندنەکانی ئەورپادا هاتووە، کۆمیتەکە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەڵگانەی لەلایەن دادگا ناوخۆییەکانی تورکیاوە پێشکەش کراون بۆ هێشتنەوەی ئەم سیاسەتمەدارە کوردانە لە زیندان، لە ئاستی پێویستدا نین و لە ڕووی یاساییەوە پاساوی تەواویان تێدا نییە.
هەروەها ئەنجومەنەکە بە ئەرێنییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئەو کەسانە کرد کە پێشتر لە هەمان دۆسیە تێوەگلا بوون و لە ئێستادا ئازاد کراون.
داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیاش کراوە بە زووترین کات مافی هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن بۆ داواکاران بگەڕێننەوە و کۆتایی بە سەرجەم لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو دۆسیە سزاییانە بهێنن.
ئەنجوومەنەکە داوای لە بەرپرسانی تورکیا کرد کە زانیاری تەواو بدەن لەسەر ئەو هەنگاوانەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ناویانە یان پلانیان بۆ داناوە، کە ئەمەش لە ژێر چاودێری "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی" هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.