تاقیکردنەوە
وەزارییەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە سەرانسەری عێراق بەیانی ئەمڕۆ شەممە دەستیان
پێکرد، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ یەکشەممە هەمان تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی
کوردستانیش بە بەشداری زیاتر لە ١١٧ هەزار قوتابی بەڕێوەبچن.
کاتژمێر حەوتی بەیانی
ئەمڕۆ، تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بە سەرجەم لقەکانەوە لە پارێزگاکانی
عێراق دەستیان پێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، عەبدولکەریم عەبتان، وەزیری پەروەردە، چەند کاتژمێرێک پێش
دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان سەردانێکی مەیدانی کردووە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەکارییە
کۆتاییەکان. هەروەها پێداچوونەوەی بە سیستەمی ئاسایشی ئەلیکترۆنی زیرەک کردووە و دڵنیایی
لە تەواوبوونی هەموو ڕێکارە تەکنیکی و لۆجستییەکان داوە.
لە هەرێمی کوردستانیش
بڕیارە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کاتژمێر حەوتی بەیانی سبەینێ یەکشەممە ١٤ی
حوزەیران دەست پێبکەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی
پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ١١٧ هەزار و ١٤٢ قوتابی لە سەرانسەری هەرێم بەشداری
تاقیکردنەوەکان دەکەن. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانیش ١٩ هەزار و ٤٠٣ مامۆستا
و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی هۆڵەکان دیاریکراون.
ئەم ژمارەیە پێکهاتووە
لە ١٢ هەزار و ١٨ چاودێر، ٢ هەزار و ٣ بەڕێوەبەری هۆڵ، ٢ هەزار و ٣ یاریدەدەری بەڕێوەبەر،
هەزار و ٣٧٦ سەرپەرشتیار و ٢ هەزار و ٣ کارمەندی خزمەتگوزار.