پارتی لیژنەیەکی لە ئاستی کارگێڕی بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکدەهێنێت

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا و تێیدا ڕایگەیاند'' لیژنەیەک لەسەر ئاستی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی دەستی بە سەردان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەی بارزانی لە جەژنی قورباندا و ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە چەقبەستوویی.''

 پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای ڕاگرتنی شەڕی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران (کە لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد)، بەداخەوە تاوەکو ئێستاش هێرشی هاژەک و درۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

جەختیشی کردەوە کە هێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت.

 پارتی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی دووپات کردەوە و داوای کرد کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت،

هاوکات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێن و چیتر چارەسەری کێشەکان فەرامۆش نەکرێن.

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

"کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا، تێیدا تیشک خرایە سەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە:

تەوەری یەکەم/ بارودۆخی گشتی؛ لەم تەوەرەدا تیشکخرایە سەر شەڕی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و کاریگەری و دەرھاویشتەکانی ئەو شەڕە لەسەر عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، کە لە چەندین بواردا زیانی بە عێراق و کوردستان گەیاندووە، وێڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش کە شەڕ ڕاگیراوە، ھێرشی ھاژەک و دڕۆنی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و زیانێکی زۆری ھەبووە و دەیان بریندار و شەھید بە ناحەق لە ئاکامی ئەو ھێرشانە بوونەتە قوربانی، ئەوە جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆری ھەبووە و جوڵەی بازرگانیان سست کردووە، ھەروەھا ھێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بۆتە ھۆی ڕاگرتنی بەرھەمھێنانی نەوت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ ھەرێم بەڵکو بۆ عێراقیش زیانێکی گەورەیە.
ئەم دەرھاویشتانە و بەردەوامی ھێرشەکان بوونەتە ھۆی دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕمان وایە کە چارەسەری کێشەکان لە رێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە قازانجی ھەموو لایەکە و ناوچەکە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە چیتر زەیانمەند نابن.

تەوەری دووەم/ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ؛ سەرەڕای بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکان، بەڵام بەردەوام ھەوڵمانداوە ھەر کێشە و گرفتێک ھەبێت لە سێبەری دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا چارەسەر بکرێت، ھەرچەندە کێشەکان کەڵەکەکراون و کەمتر ھەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە، بەڵام پارتیمان ڕێگای بەردەوامی لە گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گرتۆتەبەر، بە تایبەتی لە بواری بودجە و شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دراوە بە سەردانیکردن و ڕەوانەکردنی شاند بۆ بەغدا بە ئامانجی چارەسەری و لادانی کۆسپ و ئاستەنگەکان.

بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی پشتیوانیمان ھەبووە و بەردەوامیش دەبین لە ھاوکاری و پشتیوانیکردن بەو ھیوایەی ھەروەکو رێککەوتنیش لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کراوە، چیتر چارەسەری کێشەکان فەرامۆش نەکرێن و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچە خۆران لەکاتی خۆیدا رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

تەوەری سێیەم/ دەستپێشخەریەکەی بارزانی لە جەژنی قورباندا؛ ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوونی کوردستانە لەم بارودۆخە ھەستیار و ناسکەی کە ھەموو ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت، ھەروەھا ئەو ھەموو ڕووداو و گۆڕانکاریانەی ڕودەدەن کە بەشێکیان ئاڵنگاری و مەترسی لەگەڵ خۆیان دەھێنن. کۆبوونەوە ئەم دەستپێشخەریەی بەرزنرخاند، کە کێشەکانی لە ڕاگەیاندن و شەقامەوە گواستەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی دەستپێشخەریەکە لیژنەیەک لە ئاستی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیمان دەستی بە سەردان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان و ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەو چەقبەستنەی تێیکەوتووە، تاوەکو ئێستاش ئەم دەستپشخەریە و ھەوڵەکان بەردەوامن بەو ھیوایەی ھەموولایەک بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری بارودۆخەکە و گرنگی ڕووداوەکان، بەرپرسیارانە بەرەو چارەسەری ھەنگاو بنێن."



PM:09:34:13/06/2026