چالاکوانی مافەکانی ژنان، شەدە بەشیر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک زانیاری سەبارەت بە سوتاندنی ژنێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا خستوەتە روو و دەڵێت "هاوسەرەکەی بە ئەنقەست سوتاندویەتی"، پۆلیسی پارێزگای هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە".
یەک شەممە، ١٤ حوزەیران ٢٠٢٦، شەدە بەشیر رایگەیاند "ئەمڕۆ لە ناوچەی زرارەتی سەر بە پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلێک بە شۆفێرەکەیەوە سووتا کە شۆفێرەکە ژن بووەو گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە "کاتژمێر٦:٠٠ بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئافرەتێک بە ناوی ( د . ک. م )بە سووتاوی لە ناو ئۆتۆمبێلێک دۆزرایەوە لە سنووری ناحیەی دارەشەکران".
"بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە، هاوسەرەکەی بە ئەنقەست سوتاندوویەتی، ئەو هاوڵاتیانەشی لەنزیک ڕوداوەکە بون گومانیان لا دروست دەبێ و دەستبەجێ گومانلێکراوەکە، کە هاوسەری ژنە سوتاوەکەیە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان دەکەن"، شەدە بەشیر وا دەڵێت.
پۆلیس دەشڵێت "ڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان و ڕاپۆرتی پزیشکی دادی دەخرێتە بەردەست دادوەری لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە".