وەزارەتی دارایی: لیستی موچە رەوانەی بەغدا دەکرێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایدەکات ئەگەری زۆر هەیە رۆژی چوارشەممە لیستی موچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا بکرێت.

رۆژی دووشەممە، ١٥ی حوزیرانی ٢٠٢٦، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاندوە "ئەگەری زۆرە رۆژی چوارشەممە لیستی موچەی مانگی حوزەیران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار بنێردرێتە بەغدا".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بە کەناڵی رووداوی وتوە، بەهۆی ئەوەی سبەی پشووی فەرمییە، رۆژی چوارشەممە لیستەکە لەلایەن شاندێکەوە دەبرێتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێ، ئەمەش وەک بەجێگەیاندنی رێکارەکان بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکە هەروەها دەڵێت "لە مانگەکانی رابردوودا لە رۆژانی ٢٠ و ٢٥ی مانگ لیستەکانمان دەنارد، بەڵام بڕیاردراوە لەمەودوا زووتر رەوانە بکرێن."




AM:11:22:15/06/2026