سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی، د. هەورۆ تەها لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی رووداو باس لەوە دەکات کە تائێستا لە نەخۆشخانەکەیاندا ئامێری MRI نییە، لە کاتێکدا "زۆر پێویستە".
دوو شەممە، ١٥ حوزەیران ٢٠٢٦، سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی رایگەیاند "ئامێری MRI لە نەخۆشخانەی نانەکەلی نییە و زۆر پێویستە بۆمان دابینبکرێت، هەروەها کێشەی کەمیی کارمەندمان هەیە بەتایبەت پەرستار، بەجۆرێک هەندێک ئامێرمان هەیە و ناتوانین کاریان پێبکەین، چونکە پەرستارمان نییە".
لەبارەی کێشەی کەمی دەرمانەوە د. هەورۆ تەها وتویەتی "کێشەی کەمیی دەرمانی پڕۆستاتمان هەیە، بۆ نموونە دەرمانی ئینزالوتاماید ماوەی دوو ساڵە نەماوە، چونکە بودجەی تەواومان نییە".
"نەخۆشخانەکەمان فوشاری زۆری لەسەرە و تەنانەت تووشبوو لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشەوە سەردانمان دەکات"، سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی وا دەڵێت.
نەخۆشخانەی نانەکەلی نەخۆشخانەیەکی حکوومیی پسپۆڕە لە شاری هەولێر، کە تایبەتە بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە. ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە و ڕۆژانە خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە هاووڵاتیانی ناوخۆ و شارەکانی تریش دەکات
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکە لە ١٠ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو هەزار و ٨٠٠ فایلی نوێ بۆ نەخۆش کراوەتەوە.