نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند'' لە میانی کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندە سەربازییە باڵاکەی عێراق کە سەردانی هەرێمیان کردبوو، گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی دانانی سیستمی بەرگریی درۆنی لە کێڵگە نەوتییەکان ئەنجام دراوە.''
لیوا فایەق مزوری لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکی لە تاوتێکردنی دانانی ئەم سیستمە بەرگرییە، ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە زەمینەیەکی ئارام بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بڕەخسێنێت تا بتوانن بەبێ ترس کارەکانیان دەستپێبکەنەوە.
نوێنەرەکەی هەرێم باسی لەوەش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئەم سەردان و کۆبوونەوانە بەردەوامییان هەبێت تاوەکو دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمێکی گونجاو، کە دڵنیایی تەواو بداتە کێڵگە نەوتییەکان لەوەی هێرشەکانیان سەر دووبارە نابێتەوە، ئەمەش هاوتەریب دەبێت لەگەڵ بەهێزکردنی زیاتری هەماهەنگییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.