بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە توانیویانە پێنج تۆمەتبار لە چوارچێوەی دوو باندی مەترسیداری سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر بکەن.
ئەندامانی ئەم دوو باندە کاریان هەڵخەڵەتاندنی سەدان ئافرەت بووە و دواتر لە ڕێگەی هەڕەشەی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نهێنییە تایبەتەکانیان، بڕێکی زۆر پارە و زێڕیان لێ سەندوون.
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان کە دانیشتووی شارەکانی هەولێر، سۆران و کۆیەن، پۆلیس ناسنامە و تەمەنیانی بڵاوکردووەتەوە و هاوکات ڤیدیۆی دانپێدانانەکەشیانی خستووەتە ڕوو. لە ڤیدیۆکەدا یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان دانی بەوەدا ناوە کە چۆن بە ئەکاونتی ساختەی وەک "دکتۆر سوهەیب" و "سەرهەد بارزانی" لە سناپچات و تیکتۆک پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ کچان دروستکردووە و دواتر بە ڤیدیۆی نەشیاو هەڕەشەی لێکردوون کە ئەگەر پارەی نەدەنێ، ڤیدیۆکانیان بۆ کەسوکاریان دەنێرێت.
پۆلیسی هەولێر لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان و داوایان لێدەکات کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی هاوشێوەی باجخوازی و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، بە هیچ شێوەیەک تەسلیمی داواکارییەکانیان نەبن و نەترسن، بەڵکو دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.