نێردەی تایبەتی دۆناڵد
ترەمپ بۆ عێراق و سوریا لە دوو دیداری جیاجیادا لەگەڵ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد
تاڵەبانی لەبەغدا و لەگەڵ مسرور بارزانی لەهەولێر کۆبووەوە.
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی،
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند؛ ئێوارەی دوێنێ بافڵ تاڵەبانی دووشەممە
لە بەغدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سوریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی دواکەوتنی پێکنەهێنانی
کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی کردەوە کە شەرعییەت و متمانەی
حکومەتی ئێستا لە مەترسیدایە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، دوایین پێشهاتەکانی
ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا
و ئێران هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان.
هەروەها هاتووە لەپێناو
بەدیھێنانی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی
نوێی عێراق کرایەوە. ئامانج لەم پاڵپشتییە، یارمەتیدانی حکومەتی نوێیە بۆ تێپەڕاندنی
قەیران و ئاڵنگارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.
نوسینەگەکە دەنوسێت؛ بافڵ
جەلال تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی دواکەوتنی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی
هەرێمی کوردستان دەربڕی. لەمبارەیەوە وتی: "شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا
خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیگەرانییەکانی لەسەر کاریگەریی
ئەم دواکەوتنە لەسەر کارایی حکومەت و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە حکومییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا کێشەی
وزە خرایەبەر باس و سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە
پلانێکی ستراتیجی کێشەی وزە لە تەواوی عێراق چارەسەر بکات، ئەمەش وەک یەکێک لە
بوارە گرنگەکانی هاوکاری نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو.
لەلایەکی ترەوە نیوەڕۆی
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور
بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو چەندان پرسی گرنگی ئەمنی و سیاسی
تاوتوێ کرا.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ
باراک لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ
دووشەممە، ١٥ی حوزەیران، باراک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی
عێراق کۆبووەوە.
ئەمە یەکەمین سەردانی باراکە
بۆ هەولێر و بەغدا وەک نێردەی فەرمیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا.